پارتی چاكسازی توركمانی:به‌گیانفیدایی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و له‌ ژێر ئاڵای كوردستاندا توركمان به‌ ئاشتی و ئارامی ده‌ژێت له‌گه‌ڵ برایانی كورد دا.

شاندێكی باڵا له‌ پارتی چاكسازی توركمانی سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووكی كرد به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز عه‌بدولقادر بازرگان سه‌رۆكی حیزب و شاندی یاوه‌ری و له‌لایه‌ن ئه‌ندازیار رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن پێشوازییان لێ‌ كرا رۆژی چوار شه‌ممه‌ 5ی 4ی 2017.

ئامانج له‌م سه‌ردانه‌ بۆ پشتگیری و به‌رزنرخاندنی بڕیاره‌ مێژوییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و ئیداره‌ی كه‌ركووك بوو به‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ سه‌ر دام و ده‌زگاكانی پارێزگاكه‌ وشاندی توركمانی ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئاڵای كوردستان ئاڵای سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كوردستان و كه‌ركووكه‌ به‌بێ‌ جیاوازی و ئه‌و گیانفیدایه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ پێشكه‌شیان كردوه‌ و له‌ ژێر ئاڵای كوردستاندا توركمان به‌ ئاشتی و ئارامی ده‌ژێت له‌گه‌ڵ برایانی كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌.